پیربوونی من و خۆم

Posted by DIARY on 11:00 PM


پیربوونی من و خۆم

له‌ ئاوێنه‌یه‌کدا له‌ من ده‌ڕوانم
نیوه‌ی ڕیشم سپی بووه‌ و
کۆمه‌لێک لۆچ که‌وتوونه‌ته‌ ناوچه‌وانم
سێبه‌ری ته‌ڵخی پیرێتی هاتووه‌ته‌ سه‌ر روخسارم
که‌چی ئێستایش له‌ ناوه‌وه‌ گوێم له‌ ده‌نگی منداڵییمه‌ و
دڵێکی ساده‌ و ساکارم

خوا خۆم بگرێ ئاوا به‌ره‌و پیریی بردم
له‌سه‌ر کێلی گۆڕه‌که‌م بنووسن
خۆم نه‌بووایه‌ هه‌زاران ساڵ ده‌ژیام و به‌ئاسانی نه‌ده‌مردم
خۆم گوێچکه‌ی پڕکردم له‌ قیژه‌
چاوی پڕکردم له‌ ته‌م
خۆم نه‌یهێشت بۆ تاقه‌ رۆژێ
ئارام بم بڵێم: ئۆخه‌ی هه‌م‌
خۆم نه‌بووایه‌ هه‌تا ئێستاش له‌ کۆڵانی منداڵییمدا
هه‌ر سه‌رگه‌رمی یاری ده‌بووم
خۆم نه‌بووایه ‌هه‌تا ئێستاش له‌ ئێوارانی گه‌نجێتیمدا
هه‌ر سه‌رمه‌ستی دڵداری ده‌بووم
خۆم گه‌نجیمی به‌ هه‌زاران خه‌ون و خه‌یاڵه‌وه‌
وه‌ک فه‌رشێکی کۆنه‌ پێچایه‌وه‌
رۆژێک دادێ له‌ به‌رپێی مردندا رایبخا
ئه‌ی دوای ئه‌وه‌ به‌بێ من خۆم بۆ کوێ ده‌ڕوا؟

خۆم گه‌نجیمی وه‌ک په‌نجه‌ره‌یه‌ک شکاند
وه‌ک پێکی ده‌ست مه‌ستێک
به‌ده‌م خه‌یاڵێکی قووڵه‌وه‌ به‌ردایه‌وه
ئێستا پڕم له‌ ته‌پوتۆز.
خۆم به‌ دیواری گه‌نجییمدا هه‌ڵگه‌ڕا
شوێن چڕنووکه‌کانی
جوانییمی بریندارکرد
جوانییم خوێنی لێ ده‌ڕژێ
خۆم مشتێک تۆوی گومانی فڕیدایه‌ خاکی جوانییمه‌وه‌
من ده‌زانم به‌ر له‌خودا خۆم ده‌مکوژێ

شێعر : حه مه کاکه ڕه ش